له شهڕە سەگدا چی ڕوودەدات ؟
بە پێی راپۆرتی هەواڵنێری مەھاباد۳ :
سەگەكان لە سەرەتای بەیەكگەیشتنیان لە مەیدانی شەڕكردن یاری لەگەڵ یەكتری دەكەن، دوای چەند خولەكێك بەهۆی هاندانی ئەو کەسانەی چێژ لە شەڕ و توندوتیژی دەبینن و ئەو ڕاهێنانانەی پێی ناچارکراون، كەڵبەكان دەئاڵێننە گەردنی یەكتر و وەفاكان یەكتر لە خوێندا سوور دەكەن، خوێن و پارچەی گۆشتی یەكتری دەخەنە سەر زەوی و تاوەكو لێواری مەرگ یەكتری دەبەن.
لەگەڵ ئەوەشدا لە تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان دیمەنی شەڕكردنەكە بڵاودەكرێتەوە و سەرنجی خەڵکی بۆ خۆیان رادەكێشن. بەداخەوە هەندێک جار ژمارەی ئامادەبووان هەزار کەس تێپەڕدەکات.
زۆربەی جار سەگی دۆڕاو لەلایەن خاوەنەکەیەوە سزادەدرێت و چارەسەری برینەکانیشی بۆ ناکرێت. کاتێکیش سەگەکان دوای چەند بەشەڕدانێک توانایان نامێنێت بەهۆی تەمەن و برینەوە لەلایەن خاوەنەکانیانەوە فڕێ دەدرێن و ژیانێکی سەخت لە دەرەوە بەسەردەبەن بەهۆی ئەوەی فێرنەکراون خۆیان بژێنن.
لەچەند شار وشارۆچکەیەک لەکوردستان شەڕە سەگ قەدەغە کراوە و تا ڕادەیەک لە کەمبوونەوەیە بەڵام لەو شوێنانەی دوورە دەستن و ئاستی رۆشنبیری خەڵکەکەی نزمترە هێشتا باوە و بەردەوامە.
تکایە نابێت بهێڵین کلتوور و داب ونەریت بیانوو بێت بۆ ئەم دڵڕەقییە و دەبێت بە یاسا بەشەڕدانی ئاژەڵان قەدەغەبکرێت. شەڕە سەگ و شەڕە کەو و شەڕە کەڵەشێر خولیا و یاری نییە بەڵکو توندوتیژییە، نابێت توندوتیژی و نمایشی خەڵکانێکی دەروون نەخۆش بەشێک بن لە کلتوور و داب ونەریتی نەتەوەییمان.
پێگەی هەواڵنێری مەهاباد۳