لاوەکانمان لە نیگای هاوشاریەک و پێشنیارک بۆ دایک و باوکەکان !
سادق ڕەحمانزادە فەداکاری موکری :
دۆینێ بە هەڵکەوت چووم لەدووی خوشکم کە لە قوتابخانەی مامۆستایە. کاتێک زەنگی خوارد و قوتابیەکان هاتنە دەرێ لەناکاو شەڕە جنێوێکی کچان سەرنجی ڕاکێشام ، کە دیتم پۆلێک کچی تەمەن ۱۴ ساڵانە بە گاڵتە خەریکی شەڕە جنێون!
جنێوی وا کە من بە سی و یەک ساڵ تەمەنەوە شەرم دایدەگرتم لەو قسانە، دەستیان هەموو خاڵکووبی و تاتۆ و هەموو پووتێک ئارایش کە ژنی ماڵان بۆ زەماوەند جوانکاری ئاوا ناکەن، کەمێکی دی پۆلێکی دی هاتنە دەرێ کە لە ناوەندی کووچە دەستیان لە قژی یەک دەنا و شەڕیان دەکرد، لەو بەری پۆلێکی زۆر کوڕی تەمەن ۱۵ ساڵانە سیگار بەلالێو و چاوسوور کە نازانم هی مەستی عاڕەقی بوو یان سەرفی مادەی هۆشبەر کە وا چاویان سوور ببووە خەریکی مانۆر لێدان بە ماتۆڕی بوون، کەمێک سەرەوەتر دوو سێ کچ سیگاری کوڕانیان وەردەگرت و پۆکیان لێ دەدا.
چەن ساتێک چوومە ناو گێژی خەیاڵ و بیرەوە چۆن دەبێت مێرمنداڵی لەو تەمەنەدا شێوازی ژیانی ئاوا یێت؟ هۆکاری چییە ؟ بەرەو کوێ دەڕۆین ؟ داهاتووی کۆمەڵگا ئەوانە دەتوانن بەرەو ئاسۆی ڕوونی بەرن ؟ چلۆن دەبێت لەو تەمەنە کە دەبێت تەواوی هۆشیان لەسەر زانین و فێربوون و قوتابخانە و پەروەردەبوون بێت ، فێری جنێو و تاتۆ و سیگارکێشان بن و بیر و هۆشیان پەیوەندی جنسی و عاشقی بێت؟ ئەوە زەنگێکی مەترسیدارە بۆ ئێمە کە وەخۆ بێینەوە.
بەراستی دایک و باوکەکان ئاوڕێک لە منداڵەکانتان بدەنەوە ، پاشەڕۆژێ دڵنیا بن خۆتان پێوەی دەسووتێن و خۆتان لەگەڵیان دەبنە پەند. منداڵ لەو تەمەنەدا وەک شوڵکی تەڕ وایە کە دەتوانن دایبێنن.بۆیان شی کەنەوە کە ئازادی تەنیا ئازادی جل و بەرگ و جوانکاری نییە بەڵکوو ئازادیی بەیان و بیر و باوەڕە بەرزەکانە. ڕایانبێنن و فێریان کەن کە چلۆن دەبێ بیر کەنەوە چۆن دەبێت هەڵسوکەوت بکەن و ئامانج لە هاتنیان چییە و چۆن دەتوانن سەرکەون و ڕێگای بەرژەوەندیییان چییە.
کۆمەڵگا وەک سیپە سێوێکییە کە ئەگەر سێوێکی ڕزیوی تێدا بێت سێوەکانی دیش دەڕزێنێ کەوایە ئێوە نەک تەنیا لە بەرامبەر منداڵی خۆتان بەرپرسن ، لە بەرامبەر ئاسەواری هەڵسوکەوتی منداڵەکانتان لەسەر منداڵی خەڵکیش بەرپرسن. بەراستی ئەگەر دەزانن ناتوانن و کاتتان نییە منداڵی پەروەردە کەن ،بوونتان نییە منداڵیش بێننە سەر ئەم زەوییە و کۆمەڵگای لەوەیکە هەیە پیستر و دواکەوتووتر بکەن.
دڵنیا بن لە هەنگاوی یەکەم ئێوەی دایک و باوک دەبێ ببنە ئۆلگوو بۆ منداڵەکانتان تا لە ئێوە فێر بن. گۆڕانکاریی باش و پێشکەوتن لەناو کۆمەڵگا کاتێک وەدی دێت کە منداڵان و گەنجانی زانا و تێکۆشەر و وریای تێدا پەروەردە کەین.
پێگەی هەواڵیی مەهاباد۳