یاری کردنی مناڵان بە زمانی فارسی ؛ لەناو بردنی ڕەسەنایەتی بە چە نرخێک ؟
کامیار حوسێنی پوور - مەهاباد٣ :
دوێنێ هەینی لەماڵەوە هاتمەدەر تا بە پیاسە کردن بەرەو باخی مکاییل بچم . ئێستا کە هاوین داهاتووە و مناڵەکان لە کوچە و کۆڵانەکانی شار یا لە سەیرانگاکان بەڕێژەیەکی زۆر و دەنگێکی بەرزەو دینە بەرچاو کە خەريکی یاری و کایەن
لە گەڕەکەی تەپەی قازی تێدەپەڕێم و چەند دانە منداڵی کوڕم بێنێ کە سەرقاڵی خۆشاروکێن بوون یەکیان کە پۆلیس بوو بە زمانی فارسی هەرای هاوڕێکانی دەکرد و دەیگوت " الان همتون میگیرم و میندازم زندان " زۆرم پێ سەیر بوو کە منداڵێک بەو تەمەنە بۆ دەبێت بە زمانی فارسی لەگەل هاوڕێکانی یاری بکات
گەیشتمە باخی مکاییل و بۆ ئەوەی ماندووییم بەحەسیتەوە چەند خولەکێک دانیشتم و بەرامبەرم چەند منداڵێکم بێنی کە ئەوانیش بە زمانی فارسی قوماریان دەکرد . سەرەتا هەستم کرد گەشتیارن بەلآم کاتێک دیتم دایکیان بە کوردی قسەیان لەگەل دەکات . هەستی ژانێکی نادیار ئەوندەی دیکە میشک و جەستەمی ماندوو کرد . بانگم کرد و گوتم کچی جوان بۆ بە فارسی قسە دەکەی پێم پێکەنی و گوتی " ئەخە ئاوا باکلاس ترە "
چاوەکانم کوێر بێت لە کەنگێوە قسەکردن و کایە بە زمانی دایکی بێ کلاس بووە ؟ بۆ دەبێت دایکان و باوکەکان سەبارەت بەو مەسەلەیە ئەوندە کەمتەرخەمی بکەن ؟ چە شتێک وای کردووە کە مناڵەکان مان هەست بکەن کوردی زمانێکی دواکەوتوویە ؟
بێگومان ئەوە کارەساتێکی زۆر ئاخ هەژین و پڕ زەرەرە بۆ حەموومان . کاتێک مناڵەکان مان بە کوردی قسە ناکەن ، لاوەکان لەسەر سۆشیال میدیا بە فارسی ستۆری و پۆست دادەنێن و دایکان هیچ کتێبێکی کوردی بۆ مناڵەکان ناکڕن و بەردەوام ئەنیمەیشن و سریاڵی فارسی لەسەر شاشەی تەلەفزیۆنەکان دیتە بەرچاو .لەماوەیەکی زۆر کورتدا دەبێت فاتیحەی زمانی کوردی بخوێنرێت ...
هیوادارم دایکەکان و باوکەکان ، لاوەکان و سەرجەم ئەو کەسانەی گرینگی بە زمانی کوردی و دەدەن ئەو ڕستەیە لەیاد نەکەن کە " ئەگەر زمانی گەلێک بفەوتێ ، ئەو گەلە لە بازنەی ژیان دەسڕێتەوە "
کامیار حوسێنی پوور - پێگەی هەواڵیی مەهابادسێ