بیست و یەکەمین کۆنفڕانسی فێرکاریی فیزیکی ئێران بە بەشداری مامۆستای مەهابادی بەڕێوەچوو
بیست و یەکەمین کۆنفڕانسی فێرکاریی فیزیکی ئێران بۆ ماوەەی سێ ڕۆژ لە ڕۆژی دووشەممە ۱۸ تا چوارشەممە ۲۰ی بەفرانباری ۱۴۰۲ کۆچی هەتاوی لە شاری کەرەج و بە بەشداری بەربڵاوی مامۆستایانی فیزیکی سەرتاسەری ئێران بەڕێوە چوو.
لەو کۆنفڕانسە کە بەشداری بۆ یەکەم جار هەم بە شێوازی سەرهێڵ و هەمیش حزووری ڕاستەوخۆ بوو، مامۆستای فیزیکی مەهابادی د. سولەیمان ڕەسووڵی وەک ئەندامی چالاکی کۆمیتەی زانستی و داوەری و هاوکات هەیئەت ڕەییسەی هۆڵی پێشکەشکاری وتارەکان ئەرکەکانی بەڕێوە برد.
هەروەها دکتور ڕەسووڵی بەڕێوەبەرایەتی دانیشتنێکی بەپێزی توێژینەوە بەهاوکاری نووسەرانی کتێبە دەرسی فەرمییەکانی فیزیکی ئامادەیی ئێرانی وەستۆ گرتبوو کە بە پێشوازی بەشداربووان بابەتەکان تاو و توێ کران.
شایانی ئاماژەیە، لە چوار کۆنفڕانسی پێشووی ئەو ڕووداوە میللیەدا کە لە زانستگاکانی فەرهەنگیانی کوردستان(۱۳۹۵)، لۆڕستان(۱۳۹۶)، فەننی پیشەیی تەورێز (۱۳۹۸)و ئیلام (۱۴۰۰) بەڕێوەچوون، دکتور ڕەسووڵی وەک سکرتێری گشتی کۆمیتەی زانستی ئەو کۆنفڕانسە ڕۆڵی سەرەکی و چالاکی شوێندانەری هەبووە.
پێگەی هەواڵیی مەهاباد۳